چینەکانی زەپۆش

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-05-01:59:00 - کۆدی بابەت: 4168
چینەکانی زەپۆش

ناوه‌ڕۆك

چینەکانی زەپۆش

بە پشت بەستن بە گۆڕان لە پلەی گەرمیدا بەرگە هەوای زەوی دابەش دەکرێن بۆ چوار چین بەرگەکانیش ئەمانەن: ترۆپۆسفیر، ستراتۆسفیر، میزۆسفیر، تیرمۆسفیر ، ناوی ئەم چینانە ئاڵۆز دەردەکەوێت بەڵام هەر ناوێکی ئەم چینانە بەڵگەت پێشکەش دەکەن دەربارەی تایبەتیەکانی هەر چینێک.

ترۆپۆسفیر: ئەو چینەی کە تیایدا دەژین

ترۆپۆسفیر چینی خوارەوەی بەرگە هەوایە کە ڕاستەوخۆ بەسەر ڕووی زەویدا درێژ دەبێتەوە، هەروەها چینە هەوایەکی زۆر چڕە چونکە نزیکەی ٩٠٪ـی بارستەی گشتی هەوا لە خۆ دەگرێت، چونکە گازی دوانۆکسیدی کاربۆن و هەڵمی ئاو و هەور و پیسکەرەکانی هەواو کەش و شێوەکانی ژیان هەموویان لە چینی ترۆپۆسفیردان. هەتا بەرزایی لە ترۆپۆسفیر زیاد بکات پلەی گەرمیش دادەبەزێت، بۆیە زۆربەی لوتکەکانی شاخەکان بەردەوام پڕە لە بەفر. جیاوازییەکان لە چڕی هەوا و لە پلەی گەرمیدا وا دەکەن گازەکانی ئەو چینە بەردەوام تێکەڵ بن.

ستراتۆسفیر: شوێنی بوونی ئۆزۆن

ستراتۆسفیر چینێکی بەرگە هەوایە دەکەوێتە سەرەوەی ترۆپۆسفیر. گازەکانی ستراتۆسفیر بە شێوەی چین چین و لێک جیان و تێکەڵ نین بە پێچەوانەی چینی ترۆپۆسفیر، هەوای ستراتۆسفیر سووکە و شێی کەمە بەڵام بەشی خوارەوەی ستراتۆسفیر زۆر ساردە و تێکڕای پلەی گەرمییەکەی ٦٠ پلەی خوار سفری سیلیزیەوەیە، هەرچەندە لە ستراتۆسفیر بەرەو سەرەوە بچین ئەوا پلەی گەرمی بەرزتر دەبێتەوە چونکە ئۆزۆن لە ستراتۆسفیردا تیشکی سەروو ونەوشەیی لە خۆر دەمژێت و هەواکە گەرمتر دەکات. گازی ئۆزۆن لە ستراتۆسفیردا هەمووی لە چینی ئۆزۆندا پەنگ دەخوات و قەتیس دەبێت. چینی ئۆزۆن دەبێتە هۆی پاراستنی ژیان لەسەر زەوی چونکە ئەو چینە ئۆزۆنە هەڵدەستێت بە مژینی تیشکی زیان بەخشی سەروو وەنەوشەیی خۆر.

میزۆسفیر: چینی ناوەند

میزۆسفیر چینی ناوەندی بەرگە هەوایە و ساردترین چینە، دەکەوێتە سەرەوەی ستراتۆسفیر، هەرچەندە بەرزایی میزۆسفیر زیاد بکات ئەوا پلەی گەرمییەکەی نزمتر دەبێتەوە، لەوانەیە نزمترین پلەی گەرما لە بەرزترین چینی میزۆسفیردا بگاتە -93 C .

تیرمۆسفیر: لێواری بەرگە هەوا

تیرمۆسفیر یاخود بەرگە گەرمی بریتییە لە چینەکانی سەرەوەی بەرگە هەوا، لەو چینەدا پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە بە زیادبوونی بەرزایی، چونکە گەردیلەکانی نایترۆجین و ئۆکسجین هەڵدەستن بە مژینی تیشکی خۆری پڕ لە وزە و بەرەڵڵای دەکاتە ناو چینەکەو لە ئەنجامدا پلەی گەرمی تیرمۆسفیر دەگایە ١٠٠٠ پلەی گەرمی سەدی یان زیاتر. کاتیك بیر لە ناوچەیەک دەکەیتەوە پلەی گەرمییەکەی بەرز بێت لەوانیە بیر لە شوێنێکی زۆر گەرم بکەیتەوە. لەگەڵ ئەوەی کە پلەکانی گەرما لە تیرمۆسفیردا زۆر بەرزە، بەڵام هەوای ئەم چینە گەرم نییە، چونکە پلەی گەرما جیاوازە لە مانای گەرمی، پلەی گەرمی پێوەری تێکڕای ووزەی تەنۆلکەکانە لە کاتی جووڵەکەیاندا، وە بەرزی پلەی گەرمی ئەم چینی تیرمۆسفیرە مانای وایە لەم چینەدا تەنۆلکەکان بە خێراییەکی زۆر دەجوڵێن، بەڵام گەرمی مانای گواستنەوەی گەرمییە لە نێوان ئەو تەنانەت کە پلەی گەرمیان جیاوازە، وە ئەبێ ئەو تەنۆلکانە بەیەکتر کەون  بۆ ئەوەی وزەی گەرمییەکەیان بگوێزرێتەوە بۆ یەکتری، بەڵام تەنۆلکەکانی چینی تیرمۆسفیر لە ناوچەیەکی زۆر بەر فراواندان تا ئەو ڕادەیەی کە بڕێکی زۆر لە وزەی گەرمی لە نێوانیاندا ناگوێزرێتەوە، ئەمەش مانای وایە چڕی ئەم چینە کەمە و تەنۆلکەکانی زۆر بەریەک ناکاون و ووزەش لە نێوانیاندا ناگوێزرێتەوە.

ئایۆنۆسفیر: شوێنی کازیوەی جەمسەری

لەسەرەوەی میززۆسفیر و لە خوارەەی تیرمۆسفیردا گەریلەکانی نایترۆجین و ئۆکسجین هەڵدەستن بە مژینی تیشکە زینبەخشەکانی خۆر و لە ئەنجامدا پلەی گەرمی تیرمۆسفیر بەرز دەبێتەوە و گەردە گازیەکان لە ڕووی کارەباییەوە بارگاوی دەبن و پێیان دەوترێ ئایۆنەکان، هەر بەو بەشەی تیرمۆسفیر دەگوترێ ئایۆنۆسفیر. ئەو ئایۆنانە دەبنە هۆی دەرچوونی وزەی ڕووناک کەرەوەی ناوچەی جەمسەری و بە کازیوە ناسراوە، چینی ئایۆنۆسفیر دەتوانێت شەپۆلە درێژەکانی ڕادیۆ لە جۆری AM پێچەوانە بکاتەوە بیانگەڕێنێتەوە و بە هەموو جیهاندا بڵاویان بکاتەوە، هەروەها هێماکانی بێ تەلیش هەر لە ئایۆنۆسفیردا بەرپەرچ دەدرێنەوە و دەگەڕێنەوە بۆ زەوی.


سەرچاوەکان



3637 بینین